جان کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەمبەر نزیکبوونەوەی بەلەمە تیژڕەوکانی ڕێژیمی ئێران لە کەشتییەکانی ئەمریکا لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا وتی: پێنتاگۆن نیگەرانییەکانی خوی لە پێوەندیی لەگەڵ چالاکیی هێزە دەریاییەکانی سپا بە ئێران ڕاگەیاندووە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ڕێگاگەلێکی دیپلۆماتیکمان هەیە کە لە کاتی پێویستدا کەڵکی لێوەردەگرین بۆ گەیاندنی ناڕەزایەتیی و نیگەرانییەکانمان بە تاران.
جان کێربی، بەجەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە بۆ پێوەندی و ئاگادارکردنەوە لە ئاوەکاندا فرێکانسێکی هاوبەشی ڕادیۆیی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێراندا هەیە وتی: زۆر جار سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی هێزە دەریاییەکانی ئێمە، هێزە دەریاییەکانی سپای پاسداران زۆر نزیک دەبنەوە لە کەشتییەکانمان کە ئەم کارە زۆر مەترسیدارە و هێزەکانی ئێمەی بە تەواوی نیگەران کردووە.
جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەلەمە تیژڕەوەکانی سپا لە ئاوە نێونەتەوەییەکاندا سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا مەودای ٦٠میتریی نزیک ببونەوە لە کەشتییەکانی ئەمریکا.