جێن ساکی دەڵێ: هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ٤ هاووڵاتیی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بەردەوامە، بەڵام بۆ ئازادکردنیان باج بە ئێران نادەین.
جێن ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر پێنەدانی باج بە ئێران بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی ئێراندا هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە و ئەمریکا بۆ ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە لە ڕێگایەکی جیاواز لە پەروەندەی ناوکیی ئێرانەوە هەوڵی بۆ دەدا.
ساکی، هەروەها ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی ئەو ٤ هاووڵاتییە ئەمریکاییە کە لە بەندیخانەکانی ئێراندا بە بارمتە گیراون بەردەوامە.
جێن ساکی هەرجۆرە وتووێژێکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ ئازادکردنی ئەو بەندکراوانە ڕەت نەکردەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەروەی ئەمریکا لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، هەرجۆرە ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ئێران بۆ گۆڕینەوەی بەندکراوانی هەر دوو وڵات ڕەتکردەوە بەڵام ناوبراو بەڵێنیدا کە ئەمریکاییەکانی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتر ڕاگەیاندنەکانی ئێران، ڕایانگەیاندبوو کە لە سەر گوشاری کونگرەی ئەمریکا بۆ سەر دەوڵەتی جۆبایدێن، ئەمریکا ئامادەیە ٧ میلیارد دولار و ٤ ئێرانی بەندکراو لە ئەمریکا کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێرانیان دەور لێدا بوو، لەگەڵ ٤ بەندکراوی ئەمریکایی لە بەندیخانەکانی ئێراندا بگۆڕێتەوە.