دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەوتوویەک لە دەسبەسەرکرانی ٥ چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کە ئەندامی کەمپەینێکی خێرخوازیی بوون، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
سەرەڕای تێپەڕینی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی ٥ ئەندامی کەمپەینی خێرخوازیی “ژیانەوەی کوردستان” بە ناوەکانی “مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، عەتا ڕەزاڕوبابی، فەردین ڕەحیمی و مێهدی سەیفی” هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان لەو پێوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو چالاکانە کردووە کە ئەگەر بەدواداچوونیان بۆ بکەن خۆشتان دەسبەسەر دەکرێن، ئەو ٥ ئەندامەی کەمپەینی خێرخوازی ژیانەوەی کوردستان کە هاوکات لە چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی ئەو شارەشن، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزە دژەگەلییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە “سنە” دەسبەسەر کرابوون.