ڕێکخراوی ئەمنییەتیی و زانیاریی ٣ وڵاتی ئورووپایی هولەند، سوئێد و ئاڵمان لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند کە ئێران، هەموو هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ وەگەڕ خستووە.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی فاکس نیوز، دەزگای ئەمنییەتیی سوئێد لە ڕاپۆرتێکی ئەمنییەتیی وڵاتەکەیدا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیی ئاشکرای کرد کە ئێران بە شوێن تەکنەلوژیای وڵاتی سوئێدەوەیە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی وکۆمەڵکوژ.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی دەزگای زانیارییەکانی سوئێد لە ئێستادا ئێران خەریکی سیخوڕیی پیشەییە و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی وڵاتی سوئێدی کردۆتە ئامانج بۆ کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی و ئەو ڕێژیمە بۆ سیخوڕیی لە سەر زانیارییەکانی سوئێد پارەیەکی زۆری خەرج کردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا دەزگای زانیارییەکانی وڵاتی ئاڵمان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خویدا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئێران، سووریە، پاکستان و کورەی باکوور دەیانهەوێت دەستیان بەچەکیی ناوکیی کۆمەڵکوژ ڕابگا کە ئەم هەوڵانەی ئەو وڵاتانە بە تایبەتی وڵاتی ئێران زۆر مەترسیدارە بۆ جیهان و دەبێ پێشی پێبگیردرێ.
لە ڕاپۆرتەکەی دەزگایی زانیارییەکانی ئاڵماندا هاتووە کە ئەو وڵاتانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای نایاساییەوە پێوەندی بازرگانیی بە کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی وڵاتی ئاڵمانەوە بگرن.
لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی پێشوودا سێناتۆری کۆماریخواز تێد کروز، بە هەواڵدەریی فاکس نیوزی راگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران هیچ کات دەس لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ هەڵناگرێ و دەیهەوێت پاش دەسپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی، بە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئەو چەکە بەکار بێنێ.