رۆژێک پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی مەریوان بە هێرشی سەلەفییەکان لەو شارە و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی بە چەقۆ و شمشێر لە لایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی چوار هاووڵاتییان دەسبەسەر کردووە.
شەوی دووشەمە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەریوان چوار کەسیان بە ناوەکانی “کەژوان فەیزی، فواد فەیزی، ئاکۆ چاوگی و شێرکۆ سۆهرابی” لە چوارڕای “بایەوە”ی ئەو شارە دەسبەسەر کردووە.
ئەو چوار هاووڵاتییە خەڵکی گەڕەکی “دارسەیران”ـی کۆنی مەریوانن و بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە هێرشی سەلەفییەکان لەو گەڕەکەدا و بریندارکردنی دوو هاووڵاتی لەلایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە، ئێوارەی ڕۆژی شەمە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپێک لە سەلەفییەکانی مەریوان بە چەقۆ وشمشێرهێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەک لە گەڕەکی دارسەیران و دوو کەسیان بریندار کرد کە دۆخی تەندرووستیی یەکیان ناجێگیرە و خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەدژی هێرشی سەلەفییەکانی ئەو شارە، لە گەڕەکی دارسەیران کۆ بوونەوە و هەڕەشی بەرەنگاربوونەوەیان لە گەڵ هەر کەس و لایەنێکدا کردبوو کە بیهەوێ شارستانییەتی مەریوان تێکبدا.