حشمەتوڵا تەبەرزەدی دەڵێ: کاتێک کە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ: قاسم سولەیمانی هێزەکانی ئێرانی برد بۆ شەڕی سووریە کە پێوەندیی بە ئێرانەوە نەبوو خامنەیی لە وڵامدا بە زەریف دەڵێ: سیاسەتی دەرەوە ئێمە دیاری دەکەین نە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوە تەنیا جێبەجیکاری بڕیارەکانی ئێمەیە ئەوە واتای دەسەڵاتی ڕەهای خامنەیی و بێدەسەڵاتیی جومگەکانی دیکەی دەسەڵاتە لە ئێراندا.
تەبەرزەدی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران لە دەستی خامنەییدا و سرنجدان بە بارودۆخی ژیانی ٨٥میلیۆن ئێرانی وتی: خەڵکی ئێران بەگشتیی بڕیاریداوە کە لە شانۆی بە ناو هەڵبژاردندا بەشدار نەبێ کە ئەم بەشدار نەبوونەی خەڵکە بۆ خۆی بە واتای نایەکیی گەورەیە بە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم و لە سەروی هەموویانەوە خامنەیی.
تەبەرزەدی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا دەڵێ: لە وڵاتێکدا کە بڕیاردەری سەرەکیی بۆ هەموو هەڵبژاردنەکان و تەنانەت سیاسەتەکانی دەروەی ئەو رێژیمە لە دەستی خامنەییدایە وهەرلە ئێستاوە ئاشکرایە کە ئاکامی هەڵبژاردنەکان چییە، تەنیا مەبەستیان چەواشەکاری و درۆیە و دێموکراسی مانای نییە.
تەبەرزەدی لە درێژەدا وتی: تەنیا بە دەنگنەدانی خەڵک کۆماری ئیسلامیی لە بن نایە و دەبێ خەڵکی باوەڕیان بەوە هەبێ کە هێزێک پشتیوانییان لێدەکا و ڕێبەرایەتییان دەکا و دەبێ خەڵک متمانەیان بە هیزێک هەبێ کە پشتیوانییان لێدەکا.