بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکان لە ئێران تەنیا ١٥ میلیۆن کەس توانای کڕینی برنجیان هەیە.
مەسیح کەشاوەرز بەڕێوەبەری دەستەی هاوردەکارانی برنج، لە وتووێژێکدا بە ڕۆژنامەی “هەمشەهری” وت:” ٦٧ میلیۆن ئێرانی توانای کڕینی برنجیان نییە و بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی برنج لە بازاڕەکانی ئێران لە ٨٢ میلیۆن حەشیمەتی ئێران تەنیا سەتا ١٥ی خەلک توانای کڕینی برنجیان هەیە”.
پێشتریش ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی هەڵاوساندا، نرخی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی لە برنجی هاوردە لە کۆتایی ساڵی ٩٨تا ٩٩ی هەتاوی، سەتا ١٥٠ ڕاگەیاندبوو.
بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران لە پێوەندی لەگەڵ هەڵاوسانی پێداویستییەکانی ڕۆژانە، نرخی هەر کیلۆ برنجی ئێرانی لە ڕەشەممەی ٩٩دا لە ٣٢ هەزرا تمەن بۆ ٣٥ و ٦٠٠ تمەن بەرز ببۆوە کە لە ئێستا نرخی یەک کیلۆ برنج ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار تمەنە.
جێی ئاماژەیە کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووریی خەڵکی ئێران و داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانە بە شێوەیەک سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە و بەشێکی زۆری خەڵک تەنانەت بۆ کڕینی نانیش داماون.