یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی خەڵکی بۆکان کە پێشتریش سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.
“سمکۆ مەعرووفی” چالاکی ژینگەپارێز و دامەزرێنەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “وڵات” لەلایەن دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی “بانگەشە بەدژی ڕێژیم” بە یەک ساڵ بەندکران حوکم درا و بۆ ماوەی دوو ساڵ مافی چوونە دەرەوەی لە وڵات لێ زەوت کراوە.
دانیشتنی دادگای سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوە و بە بێ بەشداری پارێزەرەکەی بەڕێوە چوو.
سمکۆ مەعرووفی ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی، لەلایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکانەوە دەسبەسەر و دوای ٢٥ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرابوو.
ناوبراو ساڵی٩٨ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە لەلایەن لقی ١٠١ دادگای تاوانەکانی شاری بۆکان بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتیی” لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە لەشکەرکێشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژاوا سزای دوو ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێنرابوو.