دەوڵەتی کانادا: بەشیکمان بۆ لێکۆڵینەوە لە باندی ئێرانی و لوبنانی سپیکردنەوەی پارە کە لە ڕێگای قومارخانەکان و فرۆشتنی ماددەی سڕکەرەوە خەریکی سپیکردنەوەی پارەن پێکهێناوە.
بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی کانادا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان لە وڵاتی کانادا و لە ڕێگەی قومارخانەکان و فرۆشتنی ماددەسڕکەرەکانەوە خەریکی سپیکردنەوەی پارەن و لە ئێستادا دەوڵەتی کانادا بۆ دەسبەسەرکردنی ئەو گرووپە تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
کالوین چرۆستی، بەرپرسی پێشووی پۆلیسی کانادا وتی: پۆلیسی کانادا لە ڕێگای چاوەدێریی تەلەفۆنەکانی ئەندامانی سەر بە ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵای لوبنان، پێوەندییەکانیانی لەگەڵ گرووپێکی چینی کە خەریکی بازرگانی نایاسایین لە کانادا ئاشکرا کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا کریس ئەلێکساندێر، وەزیری پێشووی نیشتەجێبوونی کانادا وتی: ئەو گرووپانەی ئێران و حیزبوڵای لوبنان کە خەریکی سپیکردنەوەی پارەن زۆر مەترسیدارن و دەبێ دەوڵەتی کانادا هەموو هەوڵێکی خوی بدا بۆ دەسبەسەرکردن و لە ناوبردنی ئەو باندە.