تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەریی زۆری لەسەر كار و ژیانی ھونەرمەندانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان داناوە. نزیك دوو ساڵە ھۆڵەكانی سینەما و شانۆ داخراون و ھونەرمەندانیش دەڵێن لەو دوو ساڵەدا ھیچ داھاتێكیان نەبووە و حكوومەتیش ھیچ یارمەتییەكی نەداون.
لە شوێن و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژھەڵاتی كوردستان سەرجەم 18 ھۆڵی تایبەتیی سینەما و 54 ھۆڵی شانۆ و پێشانگای كارە ھونەرییەكان هەن، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا سەرجەم چالاكییەكانی ئەو ھۆڵانە وەستاون، تەنانەت كاری بەرھەمهێنانی فیلم لەدەرەوەی ھۆڵەكانیش ڕاگیراون. هاوکات ھونەرمەندانی ئەو بوارەش دەڵێن دوو ساڵی بێ داھاتیان بەڕێ كردووە و لەلایەن حكوومەتیشەوە ھیچ یارمەتییەك ناکرێن.
ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی ھونەری گەورە لە ئاستی نێوخۆیی ئێران و نێودەوڵەتییش لە ڕۆژھەڵاتی كوردستان بەڕێوە دەچن کە فێستیڤاڵی سینەمای سنە و شانۆی سەرشەقامی مەریوان لەھەرە دیارەكانن، بەڵام كۆرۆنا ئەوانیشی وەستاندووە و وای كردووە لەم وەرزە گەرمەدا ھۆڵ و گۆڕەپانە ھونەرییەكان ساردوسڕ بن.