ئاوی خواردنەوەی ٧ هەزار گوند لە ئێران بە تانکێر دابین دەکرێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیلنا ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕ،”ئیسماعیل نەجار” بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەڕێوەبەریی قەیرانی ئێران، وتی:” دانیشتووانی ٧ هەزار گوند ئاویان نییە و بە تانکێر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەچی”.
ناوبراو دەڵێ پێشبینیی ویشکەساڵی لەمساڵدا و کەمبوونەوەی سەتا ٤٩ی ڕێژەی باران بارین، ٧ هەزار گوند کە زیاتر لە ٢٠ هەزار بنەماڵەن دەبێ بە تانکێر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێ.
“ئیسماعیل حوسێنزێهی” نوێنەری چابەهار لە مەجلیسی ڕێژیم، مانگی ڕەشەممەی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاندبوو کە بەهۆی نەبوونی ئاو بەشێک لە دانیشتوانی گوندەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ناچار گوندەکانیان چۆڵ کردووە و ڕوویان لە شارەکان کردووە و بەوەش شەپۆلی کۆچکردن بەرەو شارەکان زۆر دەبێ و پەراوێزنشینی پەرە دەستێنێ.
جێی ئاماژەیە کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە کەمترین ئاوی خاوێنی هەیە و تەنیا سەتا ١٩ی دانیشتوانی دەستیان بە ئاوی خاوێن ڕادەگا.