چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەسی سەلەفی و توندئاژۆ بە پشتیوانیی ئیتلاعاتی ڕێژیم هەوڵی تێکدانی بنەمای کوردایەتی و شارستانییەتی شاری مەریوان دەدەن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیم بۆ دووبەرەکیی و ئاژاوە نانەوە و هەروەها بەلاڕێدابردنی بیری خەڵک و تێکدانی بنەمای شارستانییەتی کوردستان و بە تایبەت شاری مەریوان، چەندین کەسی بەکرێگیراو و توندئاژۆی مەزهەبی و سەلەفییان خستۆتە گیانی خەڵکی مەریوان وبە چەکی گەرم و سەردەوە، ئاشکرا و لە ڕۆژی ڕووناکدا هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەریوان و کاتێک کە خەڵکی ئەو شارە بەرەنگاریان دەبنەوە هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان لێدەکەن.
شایانی باسە کە ئەم تێکهەڵچوونە لە گەڕەکی دارسەیرانی کۆن ڕوویداوە و کاتێک کە چەندین کەسی سەلەفی لە کەسێکی ئەو گەڕەکەیان داوە و برینداریان کردووە خەڵکی دارسەیرانیش لێیان دێنەدەست و ڕاویان دەنین، بەڵام ئەو کەسانە کە کەسانێکی دیار و بەرچاوی گوندەکانی دەوروبەری مەریوان و بەکرێگیراوی ڕێژیمن، دیسان هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، هەر بەو بۆنەوە خەڵکی مەریوان شەوی ڕابردوو پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی گەڕەکی دارسەیران دەربڕی و ئەو پەیامەیان بە سەلەفییەکان و بەکرێگیراوانی ڕێژیم گەیاند کە مەریوان شوێنی تەراتێنی داعش و ئەربابەکانیان نییە و بە توندترین شێوە وڵامیان دەدەنەوە.