بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە ٥ مووشەک کرایە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بنکە و بارەگاکانی هێزی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کرایە ئامانجی ٥ مووشەکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.
هەرلەم پێوەندییەدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای لە دەزگا ئەمنییەتییەکانی عێراق کرد کە بەزووترین کات ئەو کەس و گرووپانەی کە هێرشی مووشەکییان کردۆتە سەر بنکە وبارەگاکانی هێزەکانی هاوپەیمان لە فڕۆکەخانەی بەغدا، دەسبەسەر بکرێن و بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
جێگای ئاماژەیە کە پاش هاتنەسەرکاری بایدێن بە دەیانجار بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەکریتە ئامانجی مووشەکیی، هێز و گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەڵام ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.