پاش هێرشی نوێی هێزەکانی داعش بۆ،سەر بنکەو بارەگاکانی پێشمەرگەکانی کوردستان لە باکووری عێراق کە بوو بە هۆی گیان لەدەسدانی ٣ پێشمەرگە و برینداربوونی ٢ پێشمەرگەی دیکە، ئەمریکا پشتیوانیی خۆی لە هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق دووپاتکردەوە.
کۆنسوولگەریی ئەمریکا لە هەولێر ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی تویتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، سەرەڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیکردن لە هێزی پێشمەرگە و ئەرتەشی عێراق، نووسی: ئەمریکا تا کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق، پێبەند دەبێ بە بەڵێنەکانی بۆ پشتیوانیی لە هێزی پێشمەرگە و ئەرتەشی عێراق.
هەرلەم پێوەندییەدا ستێڤان هیکی، باڵوێزی بریتانیا لە عێراق لە تویتێکدا پشتیوانیی بریتانیای لە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەربڕی و وتی: ئێمە پشتیوانی سەربازیی لە هێزەکانی پێشمەرگە بۆ لەناوبردنی داعش دەکەین.