جەواد کەریمی قدووسی، نوێنەری مەجلیسی ئێران و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئێران، ڕەخنەی توند لە دەزگای سەرۆککۆماریی ئێران دەگرێ و دەڵێ: دەزگای سەرۆککۆماریی بۆتە شوێنی دزەکردنی سیخوڕەکان و ئیسماییل سەماوی، خوشکەزای حەسەن ڕووحانی بە سیخوڕیی بۆ بریتانیا تۆمەتبار دەکا.
کەریمی قدووسی، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەمنییەتیی ” بوڵتەن نیوز” بە بەتۆمەتبار ناساندنی دەوڵەتی ڕووحانی بە سیخوڕیی وتی: دەبێ لێکۆڵینەوە لە پەروەندە قورسەکانی دزەکردنی سیخوڕ لە دەوڵەت و دەزگای سەرۆککۆماریی بکرێ و خەڵک دەبێ لە سیخوڕییەکانی خوشکەزاکەی ڕووحانی و جێگر و ڕاوێژکارەکانی وەکوو حیسامەدین ئاشنا ئاگادار بێ.
قدووسی لە درێژەدا دەڵێ: یەکێک لە گرینگترین پەروەندەکانی دەزگای سەرۆککۆماریی کە لە ئێستادا لە دادگای ڕاگەیاندنەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن لە سەر ئەو پەروەندەیە، پەروەندەی دزەکردنی” ئێم، ئای، سیکس،” ڕێکخراوی زانیارییەکانی دەرەوەی بریتانیایە کە لە ڕێگەی ئیسماییل سەماوی، خۆشکەزای سەرۆککۆمارەوە زانیاری گرینگ دراوە بە بریتانیا و دەزگای سیخوڕی بریتانیا لە ڕێگای سماوییەوە دزەی کردۆتە نێو دەزگای سەرۆککۆماری.
جێگای ئاماژەیە کە لەبەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی لە ئێراندا شەڕی دوو باڵی سەرەکیی نێو دەسەڵات” ڕێفۆرمخوازەکان و بناژۆخوازەکان” دەسپێدەکا و بە تاوانبار ناساندنی یەکتر دەیانهەوێت بەم جۆرە چەواشەی ڕاستییەکان بکەن و بازاڕگەرمیی بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان بکەن، هەرچەند خویان دەزانن کە خەڵک چیدیکە کڵاوی قسەکانی ئەم دەسەڵاتپەرەستانە ناچێتەسەریان و بە دەنگنەدانیان نایەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی دەڵێن.