جەیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا دەڵێ: ئەمریکا لە ویەن بە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران نەگەیشتووە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: بە سەرنجدان بە وتووێژە ناوکییەکانی ئەم دواییانەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێز لە ویەن، ئێران نزیک بووەتەوە لە نەمانی گەمارۆکان و ئابووری وڵات دەبووژێتەوە لە لایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەمریکا لە وتووێژەکاندا لەگەڵ ئێران بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشتووە.
پێشتر لە کاتێکدا وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا لە ویەن گەیشتبووە دەوری سێهەم، هەواڵدەریی ئاسۆشیتێدپرێس، لەزاری هێندێک لە بەرپرسانی ئەمریکاییەوە نووسی: دەوڵەتی بایدێن خەریکی تاوتوێکردنی لابردنی هەندێک لە قورسترین گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێرانە بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە و پێبەندبوونی بە ڕێککەوتنی ناوکییەوە.