عەلی خامنەیی لە کاردانەوە بە بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی زەریف دەڵێ: وەزارەتی دەرەوە بڕیاردەر نییە و بڕیارەکان لە سەرووی وەزارەتی دەرەوە دەدرێ.
عەلی خامنەیی ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی ئانلایندا لە کاردانەوە بە فایلی دەنگیی محەممەد جەواد زەریف کە بڵاوبووەوە، وتەکانی ناوبراوی بەجێگای سەرسووڕمان و هەڵەی گەورە ناوبرد و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە لە سیاسەتی دەرەوەدا وەزارەتی دەرەوە بڕیاردەر نییە و وتی: لە هیچ شوێنێکی جیهاندا وەزارەتی دەرەوە بڕیاردەر نییە و تەنیا بڕیارەکان جێبەجێ دەکا، لە وڵاتی ئێمەشدا هەروایە و نابێ بە جۆرێک قسە بکەین کە وادەرکەوێ سیاسەتی وڵاتمان قەبووڵ نییە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەم ڕۆژانەدا لە زاری هەندێک لە بەرپرسانی وڵات قسەگەلێک دەبیسین کە جێگای سەرسووڕمان و نیگەرانییە و هەندێک لەو قسانە دووپاتکردنەوەی قسەکانی ئەمریکایە کە زۆر دوژمنکارانەیە.
خامنەیی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئەو ڕاگەیاندنانەی کە فایلی دەنگیی زەریفیان بڵاوکردبووەوە بە دوژمن ناودەبا و دەڵێ: ئەم جۆرە قسەگەلە هەڵەی گەورەیە کە نابێ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بیکەن.