فایق نادری کوڕی شەهید “محەممەد نادری” خەڵکی ئاوایی سەردۆش سەر بە شاری مەریوان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە مالآوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا فایق نادری کوڕی شەهید “محەممەد نادری” لە ئاوایی “سەردۆش”ی مەریوان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک فایق نادری، خۆی و دوو برای لەگەڵ باوکی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی ڕیژیمی پاشایەتی لە نێو ڕیزەکانی حیزب دەستیان داوەتە چەک و پاش دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و داسەپاندنی شەڕ بۆ سەر خەڵکی کوردستان، کاک فایەق زۆر بوێرانە لە شەڕەکانی ناوچەی کامیاران و مەریوان بەشداریی کردووە و دوو جاریش بریندار بووە.
پاش ئەوەی دەستی لە پێشمەرگایەتی هەڵگرت تا دوایین ساتی ژیانی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە و دڵی بۆ ئازادی نیشتمان لێیدەدا.
شەهید محەممەد نادری، ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لەلایەن ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی خومەینی دەسبەسەر دەکرێ و پاش ماوەیەک لە سیاچاڵەکانی ڕێژیم لە سێدارە دەدرێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی کاک” فایق نادری” سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.