دایکی شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوی دایە “ئاڵتوون ئیبراهیمی” لە گوندی قڕووچا”ی سەربە شاری بۆکان دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ئاڵتوون ئیبراهیمی دایکی شەهید “قادر کوێرەکانی” ناوسراو بە “قالە بارانە”، بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی “قڕووچا”ـی سەربە شاری بۆکان ماڵاوای لە ژیان کرد.
دایە ئاڵتوون ئیبراهیمی ژنێکی دڵسۆز بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی و هۆگری ئازادی کوردستان بوو و بەردەوام پاڵپشت و پشتیوانیی پێشمەرگەکانی دەکرد و هەمیشە ماڵەکەی ببووە پەناگەیەکی باش بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان و بەهۆی خۆشەویستی بۆ نیشتمان کوڕێکی پێشکەش بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات کرد.
شەهید قادر کوێرەکانی ساڵی ٦٢ی هەتاوی، لە گوندی “گڵۆڵان”ـی سەربە ناوچەی بۆکان، لە شەڕێکی قارەمانانەدا لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای بەرگرییەکی قارەمانانە شەهید بوو بۆ هەتاهەتایە چووە ڕیزی نەمرانی کوردستانەوە.
لەلایەن ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەمالەی دایە ئاڵتوون و هەموو کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.