حەسەن ڕۆحانی لە ڕۆژی “مامۆستا” لە ئێران باسی لە پیلانی دوژمنان بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەکا و دەڵێ: بێجگە لە زمانی فارسی خوێندن بە زمانێکی دیکە لە ئێراندا، هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی زمانی فارسی و پیلانی دوژمنانە.
ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیران، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ کە لە ئێران دەبێتە ڕۆژی “مامۆستا” لە کۆبوونەوەیەک کە مامۆستایان بەشدار بوون وتی: بەداخەوە لە ئێستادا نەیاران بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەن ناسنامەی نەتەوەیی، زمانی فارسی و سەروەرییەکانمانیان بسڕنەوە و هەوڵ دەدەن لە ژێر ناوی زمانی دایکی دووبەرەکی دروست بکەن بەڵام مامۆستایان تەنیا کەسانێکن کە دەتوانن ڕووبەڕووی ئەو چەواشەکاریانە ببنەوە و ئەو پیلانە پووچەڵ کەنەوە.
سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا ئەو قسانە دەکا کە لە دەورانی سەرۆکۆماریی خۆیدا یەکێک لە بڕیارە سەرەکییەکانی ئەوە بووە کە هەر نەتەوەیەک لە ئێران ئازادە بە زمانی دایکیی خۆی لە قوتابخانەکان دەرس بخوێنێ و چالاکییەکانیان بە زمانی خۆیان بەڕیوە ببەن و هەر لە دەورەی ناوبراودا لە ئێران بە دەیان مامۆستا لەو وڵاتە لەسەر زمانی دایکی و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان، دەسبەر و ئێستاش لە بەندیخانەکانی ئەو رێژیمەدان.