دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ١١ بانەمەڕ (١ی مەی ٢٠٢١ی زایینی) گرووپی کاری کوردان لە ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست بە بەشداریی بەڕێز “لویس ئەیالا” سکرتێری ئەنترناسیونالی سۆسیالیست ” و حەوت حیزب و لایەنی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی پێك هێنا. لەو کۆبوونەوەیەدا، بەڕێزان کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوڕێیەتیی مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست، بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە بوون.
ئەم کۆبوونەوەیە، سێ تەوەری لەخۆ گرتبوو کە بریتی بوون لە:
یەکەم: وتاری هەرکام لە حیزب و لایەنەکان لەسەر خۆیان و ڕاو بۆچوونیان لەسەر دۆخی هەنووکەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
دووهەم: کاری ئێمە و رێزگرتن لە مافی سیاسی و مرۆیی خەڵکی کوردستان.
سێهەم: بەرنامەی کار و ئاکامی دانیشتنەکە.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، بەڕێز لویس ئەیالا، سکرتێری ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست باسێکی لە کۆبوونەوە و چالاکییەکانی “ئێس ئای” و هەروەها پەتای کۆڕۆنا لە ئەفریقا و بەتایبەت دۆخی نالەباری هیندوستان کرد و هەروەها لەو پیوەندییەدا گوتیان کە لەگەڵ حیزبەکانی ئەندام لە هیندوستان لە وتووێژدایە و ئاگاداری بارودۆخی کۆڕۆنا و تووشبوونی خەڵکێکی زۆر بە نەخۆشی کۆڕۆنا و قوربانییەکانی هەن.
بەڕێز لویس ئەیالا لەدرێژەی قسەکانیدا پەڕژایە سەر کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و باسی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کورد و جێگە و پێگەی کورد لە ناوچەدا کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ئەنترناسیوناڵ سۆسیالیست بۆ بەرجەستە کردنەوەی کێشەی کورد. هەروەها باسێکیشی لەسەر بەشێکی بەرچاو لەو حیزب و لایەنانە کرد کە داوای ئەندامەتی، یان بەرزکردنەوەی پلەی ئەندامەتییان لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەیان کردووە.
لە درێژەی کاری کۆبوونەوەکەدا هەر کام لە حیزب و لایەنەکان لەسەر بەشەکانی جیای کوردستان قسە و ڕاو بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو کە لەو بەشەدا بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
لە بەشی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا، وێڕای ئاکامگیری کۆبوونەوەکە، هێندێک پێشنیار و بۆچوون بۆ دەستووری کاری و بەرنامەی “ئێس ئای”ەوە بۆ داهاتووی کورد خرانە روو.
ئەم حیزب و لایەنە سیاسییانەی کە بەشداری ئەم کۆبوونەوە بوون، بریتی بوون کە:
- حیزبی دێموکراتی کوردستان
-یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان - حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- پارتی دێموکراتیکی گەلان(HDP)
- پارتی یەکێتی دێموکراتیك (PYD)