ڕێژیمی داگیرکەری ئێران بەمەبەستی دووبەرەکیی سازکردن و لێکترازانی کۆمەڵایەتیی خەڵکی مەریوان، پیلانێکی نامرۆڤانە بەکەڵک وەرگرتن لە ئایین لە لایەن سەلەفییەکانەوە بەڕێوەدەبا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شەوی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە پیلانێکی دژەمرۆییانەی ڕێژیمی ئێراندا و بە مەبەستی دووبەرەکیی سازکردن ولێکترازانی کۆمەڵایەتیی لە نێوان خەڵکی مەریوان و لە رێگای سەلەفییەکانەوە هێڕش دەکرێتە سەر لاوانی گەڕەکی دارسەیرانی قەدیم ئەو شارە و بە چەکی تاپڕ تەقە لە خەڵک دەکەن.
لە ئاکامی ئەم پیلانە گڵاوەی رێژیمی ئێران کە بە دەستی گرووپێک لە سەلەفییەکان لە مەریوان جێبەجێکراوە، چەندین لاوی گەڕەکی دارسەیران بەهۆی تەقەی سەلەفییەکانەوە بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئیران بە مەبەستی چەواشەکردنی ڕاستییەکان هێرش دەکەنە سەر شوێنی کۆبوونەوەی سەلەفییەکان و زیاتر لە ١٠کەس لە سەلەفییەکان دەسبەسەر دەکەن.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ڕێژیم لە لایەکەوە بە مەبەستی لێکترازانی کۆمەڵایەتیی خەڵک و ئاژاوەنانەوە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا چەک بە بەشێک لە سەلەفییەکان دەدەن ولەلایەکیی دیکەوە هێرش دەکەنە سەر سەلەفییەکان و پاش تێکدانی ماڵەکانیان دەسبەسەریان دەکەن.