سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە، لە پاریزگای تەورێز لەگەڵ گرووپێک بەناوی “هۆبۆت ئێران” کە “گوایا سەربە سەڵتەنەتخوازەکانی ئێرانن” شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی داوە.
ڕۆژی شەممە ١١ بانەمەڕی ١٤٠٠هەتاوی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند؛ ئەو گرووپە دوای خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوی بە پشتیوانیی “سەڵتەنەتخوازەکان” بوونی خۆیان ڕاگەیاند و لەژێر ئەمری دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و عەرەبستان بەرنامەکانی خۆیان لە ئێران بەڕێوە برد.
سپای پاسداران لەبارەی بوونی ئەو گرووپەوە ڕوونکردنەوەیەکی تەواوی نەداوە، بەڵام هەوالەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لە ڕاگەیاندنەکانی سەربە سپا یا ناوەندەکانی دیکەی ڕاگەیاندن لە بارەی ئەو گرووپەوە زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
جێی ئاماژەیە کە سپای پاسداران لەبەرەبەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکۆماریی ڕێژیمی ئێران، دەیهەوێ بەو پڕوپاگەندانە خۆڵ لە چاوی خەڵک بکا و وا خۆی نیشان بدا کە ئاسایشی ئێران لە کردەوەی تێکدەرانە دەپاریزێ دەنا لە ڕاستییدا سپای پاسداران بۆخۆی سەرەکیترین هۆکاری ئاژاوەیە لە ئێران و ناوچەکە.