وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لە دەوری سێهەمی خویدا بێ ئەوەی کە پێشکەوتنێک بە خۆیەوە ببینێ کۆتاییهات.
ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دەوری سێهەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لە نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهانی و ئەمریکا لە گراند هۆتێلی ویەن بە پێداگریی ئێران بۆ لاچوونی هەموو گەمارۆکان بێ ئاکام کۆتایی بە کارەکانی هێنا و دانیشتنی داهاتوو کەوتە ڕۆژی هەینی و وتووێژەکان دووبارە دەسپێدەکاتەوە.
ئێنریکە مۆرا، بەرپرسی سیاسیی یەکیەتیی ئورووپا پاش کۆتاییهاتنی دەوری سێهەمی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لە لاپەڕەی فەرمیی خوی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: کۆمیسیۆنی هاوبەشی ڕێککەوتنی ناوکیی سێهەمین حەوتووی وتووێژەکانی لە ویەن بێ ئەوەی کە بە ئاکامێکی دڵخواز و کۆتایی بگەین کۆتایی پێهات و هیوادارین لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بگەین بە ڕێککەوتنێکی باش.
هەوڵدەریی ئەلعەرەبییە لە راپۆرتێکدا کە لە شوێنی بەڕێوەچوونی وتووێژەکان ئامادەی کردووە ڕایگەیاند کە تیمی وتووێژی ئێران، بەردەوامە لە سەر دووپات کردنەوەی داواکارییەکانی خوی بۆ لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران و دەوری سێهەمی دانیشتنەکان بە بێ ئاکامێکی دڵخوازی وڵاتانی زلهێز کۆتایی پێهاتووە.
هەرلەم پێوەندییەدا میخاییل ئولیانۆف، نوێنەری ڕووسیە لە وتووێژەناوکییەکانی ویەن بە هەواڵدەریی ئەلعەرەبییەی ڕاگەیاند کە ئێمە چاوەڕوانی ئەوە نیین کە بە زووترین کات لەگەڵ ئێران بگەین بە ڕێککەوتنێکی دڵخواز و هیوادارین لە حەوتووەکانی داهاتوودا و لە دڕێژەی وتووێژە ناوکییەکاندا لەگەڵ ئێران بگەین بە ئاکامێکی دڵخواز و دانیشتنی ڕاستەوخۆیی ئێران وئەمریکا لە ڕۆژی هەینی داهاتوودا چاوەڕوانکراوە.
هەر لە پێوەندیی لەگەڵ وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، وڵاتانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە وتووێژ لەگەڵ ئێراندا لەو ماوە کەمەدا کارێکی قورسە و ڕێککەوتنی ویەن پێویستی بە بڕیاری گرینگ و چارەنووسساز لە سەر داهاتووی ئێران هەیە و ئێمە لە ئێستادا ناتوانین زۆر دڵخۆش بین بە وتووێژەکانی ویەن.