ئیسحاق جەهانگیری، بێ ئەوەی کە ئاماژە بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران بکا، بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییەی زەریفی بە پیلانی وڵاتانی بیانی و کاناڵە ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئاژاوەگێڕی ناوبرد.
ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی”کڵاب هاوس” لە قسەکانی بە پێچەوانەی بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە کە تایبەت بە وەزیری دەرەوە بوو بەپێداهەڵگوتن بە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی سپای قودس لە شەڕی سووریە وتی: سولەیمانی لە زۆربەی وتووێژەکاندا بەشدار بووە و زۆری وتووێژ پێخۆش بووە.
لەو فایلە دەنگییەی زەریف کە بڵاوکرایەوە، زەریف قاسم سولەیمانی و بەگشتیی ئەو کارانەی کە سولەیمانی دەیکرد بە کۆسپی سەرەکیی بەردەم ڕێککەوتنی ناوکیی تۆمەتبار کردووە و دەڵێ: یەکێک لەو هۆکارانەی کە هێزەکانی ئێران لە سووریە تووشی شەڕ هاتن قاسم سولەیمانی بووە.
جەهانگیری لە درێژەی قسەکانیدا بە تۆمەتبارکردنی ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانیان وتی: ئەمریکاییەکان لە هەر شوێنێک کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیی ببینن خێرا هێرش دەکەنەسەری و دەستی بە سەردا دەگرن و لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەشتیی ئێرانی تووشی کێشە بووە.