لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ٨ کەس لە سنە و دەوروبەری لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
لەو دوو ڕۆژدا ٩ کەس لە شارەکانی سنە، تاران، گوندەکانی سەڵواتاوا و نیەر دەسبەسەر کراون و وەکوو هەمیشە هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و هۆکارێکی باوەڕپێکراو بۆ دەسبەسەرکردنیان لە ئارادا نییە و ئەمەش پەلەقاژەیەکی دیکەی ڕێژیمی کۆنەپەرەستی تارانە کە وەکوو هەوڵەکانی دیکەی بێئاکام دەمێنێتەوە.
ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی ٢ کەسی خەڵکی گوندی نیەر بە ناوەکانی شێرکۆ مینبەری و کاوە مینبەری لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و ڕۆژێ دواتر ٢ کەسی دیکەی خەڵکی نیەر بە ناوەکانی سەریاد و پەیام مینبەری لە شاری سنە و زاگرۆس عەباسی و ئەحمەد عەزیزی خەڵکی گوندی شیان لە گوندی سەڵواتاوا دەسبەسەر دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە دوو چالاکی کرێکاریی لە ڕۆژی کرێکاردا لە سنە بە ناوەکانی هووشەنگ ئەمینی و شەیس ئەمانی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێن.
هەر بەپێی ئەو هەواڵانە و لە هەمان ڕۆژدا لە شاری تاران خوێندکارێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی ” ویان محەممەدی” لە شاری تاران دەسبەسەر دەکرێ.
شایانی باسە کە هەر دوای دەسبەسەرکردنی ئەو ٩ کەسە، دەڕژێنە نێو ماڵەکانیان و دوای پشکنینی ماڵ و کەلوپەلی کەسیی و بێڕێزیی بە بنەماڵەکانیان چەند کەرەستەیەکی تایبەتی ئەو کەسانە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
جێگای ئاماژەیە هەتا کاتی ئامادەکردنی ەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردنیان و چارەنووسی ناوبراوان لەبەردەستدا نییە.
دەسبەسەرکردنە هەڕەمەکییەکانی ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و لە درێژەی ترسی ڕێژیم لە لاوانی کورد و پەلەقاژەی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی نگریسی خۆیان بەسەر کوردستاندا لە حاڵێکدایە کە، زیاتر لە ٤٢ ساڵە هەوڵی بۆدەدەن و نەیانتوانیوە تەنیا چرکەیەکیش بەسەر بیرو بڕوای ئازادیخوازانەی کورددا زاڵ بن و سەرەڕای ئەو هەموو سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدامەی کە دەزگای داپلۆسێنەری ویلایەتی فەقێ لە کوردستاندا بەردەوام بۆ کپکردنی دەنگی کورد وەکوو یاسای نووسراو و نەنووسراوی ئاخوندەکانی جەماران کەڵکی لێوەرگرتووە، کوردستان زیاتر لەجاران چرۆی بیری ئازادیخوازی و گیانبازیی بەخۆیەوە دیوە و هەر ئەوەشە کە داگیرکەری شێت و لێوە کردووە و بەردەوام لە پەلەقاژەی دووپاتکردنەوەی کارە بێئاکامەکانیانن و خۆیشیان باش دەزانن کە کوردستان شوێنی مانەوەی ئەوان و ئەربابەکانیان نییە، هەربۆیە هەر جینایەتێکی نامرۆڤانە و دوور لە یاسا و ڕێساکانی مرۆیی و سەردەمیانە بۆتە نەریتێک کە بە مێشکی پرتووکاویانەوە نووساوە و لێینابێتەوە.