دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچەی داڵاهۆ بە بیانووی قاچاخی چەک تەقە لە هاووڵاتییەک بە ناوی” سوحبەت سەمەدی نەسەب” دەکرێ و بە توندی برینداری دەبێ، ناوبراو ئەمرۆ شەممە، 11ی بانەمەڕ لە نەخۆشخانەی تالقانی لە شاری کرماشان گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی دالاهۆ، بە بیانووی قاچاخی چەک تەقە لە ماشینی هاووڵاتییەک بە ناوی ” سوحبەت سەمەدی نەسەب” دەکەن و بەتوندی برینداری دەکەن و دوای برینداربوونی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر ئیزن نادەن بۆ چارەسەری پزیشکیی بچێتە نەخۆشخانە.
دوای ڕۆژێک لەو جینایەتە ئەو هاووڵاتییە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی گوزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی لە کرماشان و ڕۆژی شەممە، 11ی بانەمەڕ بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەیشتووە، بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران کە ناوەکانیان بۆ کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب ئاشکرا بووە، دوای بریندار کردنی ناوبراو، بۆ خۆیان چەکیان لە نێو ماشینی ئەو هاووڵاتییە داناوە و ئەو تۆمەتەیان خستۆتەپاڵ ناوبراو.