دایە ئامینە ئاڕەحمانی، هاوژینی شەهید برایم ئاگووشی و دایکی شەهید سمکۆ ئاگووشی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ئامینە ئاڕەحمانی ناسراو بە ئامینە ئاگووشی، هاوژینی شەهید برایم ئاگووشی و دایکی شەهید سمکۆ ئاگووشی، بەهۆی نەخۆشییەوە لە پیرانشار ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئامینە ژنێکی نیشتمان پەروەر ودڵسۆز وبەوەفاو بوو بۆ بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی نەتەوەکەی و لەپێناو ئەو باوەڕەیدا باشترین وجوانترین یادگارەکانی ژیانی پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
شەهید برایمی ئاگووشی یەکێک لەو فەرماندە بوێر و بەجەرگانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و خۆشەویستی کادر وپێشمەرگەکانی حیزب و خەڵکی ناوچەی پیرانشاربوو کە بە داخەوە له ساڵى ٦١ی هەتاوی، له شەڕى ئاوايى بازرگانى ناوچەى مەنگوڕايەتىی پيرانشار شه هيد بووه.
سمكۆئاگووشی کادری ماندوونەناسی حیزب له ساڵى ٨٦ی هەتاوی به هۆی نەخۆشییەوە له جێژنیكان چووە ڕیزی کاروانی نەمرانی حیزب و گەلەوە.
هەروەها سادق ئاگووشی کە دەبێتە نەوەی دایە ئامینە له ساڵى ٩٨ی هەتاوی، لە تێکهەڵچوونێکدا لە گەڵ بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی گیانی پاکی پێشکەشی ڕێبازە پیرۆزەکەی دەکا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕینی خەم وپەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە ئامینە ئاگووشی، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.