ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە،٩ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، سمینارێکی ئانلاین بە بەشداریی حیزب و رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەکانی ئێران و هەروەها حیزب و رێکخراوەکانی ئێرانیی، بە بۆنەی یەکی مانگی مەی و پرسی یەکێتی بە کردوەی ئۆپۆزیسیوونی ڕێژیمی ئێران بەڕیوەچوو.
لەو سمینارەدا کە ماوەی یەک کاتژمێر و نیوی خایاند، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک خالید عەزیزی وەک یەکەم وتەبێژ، وتارێکی بە پێزی پێشکەش کرد کە لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر پرسە گرینگەکانی ئەمرۆی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشەی سیاسی گەورە هێزەکانی جیهاندا، پرسی ئۆپۆزیسیوون و خەڵک و داهاتووی ئێران لە روانگای حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و پێداگریی لەسەر مافی نەتەوەکانی ئێران و بە تایبەت مافی نەتەوەی کورد لە داهاتووی ئێراندا کردەوە.
بەڕیز عەزیزی لەو سمینارەدا تیشکی خستە سەر ئەوەیکە ئۆپۆزیسیۆن بوون و دژایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕاددەی بوون بە ئالتێرناتیڤێکی بەهێز بۆ خەڵک گرینگ نییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ مەشرووعییەتێکی لە نێو خەڵکدا نەماوە بەڵام لاوازیی ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن بە هۆی نەبوون بە ئالتێرناتیڤی بەهێز و سەرەکیی بۆ خەڵکی ئێران بۆتە خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەربۆیە ئێمە دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین کە ببین بە ئالتێرناتیڤێکی بەهێز و یەکگرتوو بۆ خەڵکی ئێران.
شایانی باسە کە ئەو حیزب و رێکخراوەکانی دیکە کە لەو سمینارەدا بەشدار بوون و قسەیان کرد، بریتیبوون لە ” نەهادی هەمبەستەگی “، بەرەی دێموکراتیکی ئێران، یەکیەتیی دێموکراتیکی ئازەربایجان ( بیرلیک )، حیزبی دێموکراتی ئێران، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی تەزامنی دێموکراتیکی ئەهواز.