هێزە جینایەتکارەکانی ڕێژیم لە سنووری تەتەی هەورامان کۆڵبەرێک بە توندی ئەشکەنجەدەدەن و برینداری دەکەن.
ڕۆژی پێنجشەممەی حەوتووی ڕابردوو، ٢ی بانەمەڕی ساڵی ١۴٠٠ی هەتاوی، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە خاڵە سنوورییەکانی تەتەی هەورامان کۆڵبەرێک بە ناوی “فوئاد ڕاهپەیکار خەڵکی بەردەڕەشی مەریوانی سەر بە پارێزگای سنەیان خستۆتە ژێر لێدانی بێبەزەییانە و ڕوومەت وجەستەیان لە چەن لایەکەوە شکاندووە و برینداریان کردووە.
شایانی باسە کە ئەو کۆڵبەرانەی بەردەوام لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکوژرێن، بریندار دەکرێن، ئەشکەنجە و سووکایەتییان پێدەکرێ ئەو کەسانەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو مافێکی لێ زەوت کردوون و ئەوانیش بۆ بژێوی ژیانیان سەرەڕای ئەو هەموو مەترسییە لەسەریان بە ناچاریی ڕوو دەکەنە کۆڵبەری و ئەم کارە مەترسیدارە.