هاووڵاتییەکی خەڵکی شووت، بەناوی”محەممەد ئارغا” کە ماوەی دوو حەوتوویە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەرکراوە، چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک بە ناوی “محەممەد ئارغا” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نیە.
محەمەد ئارغا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ کوژرانی گەنجێکی خەڵکی ماکۆ بە ناوی “ئەحمەد ئەرسەن” تەمەن ٤٠ ساڵان کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە کوژرا دەسبەسەر و تا ئێستا سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.
جێگای ئاماژەیە کە شارام ئەرسەن، تەمەن ١٦ ساڵ خوشکەزای ئەحمەد ئەرسەن و هاووڵاتییەک بە ناوی “عەلی” هەمان ڕۆژ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر و دوای حەوتوویەک شارام بە دانانی بارمتە ئازد کرا.
ئەحمەد ئەرسەن، خەڵکی ماکو بە بیانووی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری ڕێژیمی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە بە سەختی بریندار کرابوو کە دوای چەند ڕۆژ سپا بە بێ ئەوەی تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی بکاتەوە، ناچاریانی کردووە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بۆ ناوبراو بەڕێوەبەرن.