دوازدەیەمین فێستیواڵی فیلمی کوردیی لە شاری لەندەنی پێتەختی بریتانیا بە شێوەی ئانلاین بەڕێوەچوو.
دوازدەیەمین فێستیواڵی نێونەتەویی فیلمی کوردیی لەندەن، کە لە کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەوە دەستیپێکرد بوو، ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
فیلمەکانی ئەم خولەی فێستیواڵ، بە شێوەی ئانلاین و بێبەرامبەر لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی فێستیواڵ بەژێرنووسی ئینگلیزی بڵاو کرایەوە .
جێگای ئاماژەیە کە بێجگە لە بەڕێوەبردنی خولی دوازدەهەمی فێستیواڵی فیلمی کوردیی لەندەن، بەڕێوەبەڕانی ئەم فێستیواڵە، لە خولی ئەمساڵدا بەشێکیان تەرخان کردبوو بۆ باشترین فیلمەکانی ٢٠ ساڵی ڕابردووی سینەمای کوردیی، لە ژێر ناوی “سینەمای کلاسیکی کوردیی”.
فێستیواڵی فیلمی کوردیی لەندەن وەک یەکەمین فێستیواڵ بۆ فیلمی کوردیی ناسراوە کە لە ٢٠٠١ی زایینییەوە دەستی بەکار کردووە و لە شاری لەندەنی پێتەختی بەریتانیا بەڕێوە دەچێ.