نوێنەری ئەنجومەنی سووریەی دێموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری کوردیی لە باکووری سووریە ئامادەن لە گەڵ تورکیە لە سەر ناکۆکییەکانیان وتووێژ بکەن.
سینەم محەممەد نوێنەری ئەنجومەنی سووریەی دێموکرات باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریەی دێموکرات بە سەرۆکایەتیی کورد لە ئەمریکا بەشداریی کۆنفڕانسی تاوتوێ کردنی پرسی کوردی کردبوو کە لە زانکۆی ییلی ئەمریکا بەڕێوە چوو و لە وتارێکدا ڕایگەیاند، ئیدارەی خۆسەریی کوردیی لە ڕۆژاوا، ئامادەیە لە سەر ناکۆکییەکانی نێوانیان لەگەڵ تورکیە دانوستان بکات.
سینەم محەمەد لە کۆنفرانسەکەدا کە بە شێوەی ئۆنلاین کرا گوتیشی: ئێمە ئامادەین لەگەڵ تورکیە کێشەکانمان و هەروەها مەسەلەی داگیرکردنی شارەکانی ڕۆژاوا لەلایەن دوڵەتی تورکیە چارەسەر بکەین بەڵام ئەوان بەردەوامن لە بۆردومان کردنی شارەکان.
نوێنەری کوردەکانی ڕۆژاوا لە ئەمریکا زیادیشی کرد: تورکیە ئێستاش شاری کوردنشینی عەفرینی لە بندەستدایە و مافی کوردەکانی ئەو ناوچەیە پێشێل دەکات.
سینەم محەمەد لەبارەی دانوستانی نێوان کوردەکانی ڕۆژاوا و دەوڵەتی ناوەندیی سووریە گوتی: ئیدارەی خۆسەریی کوردیی هەوڵیداوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاواهەنگیی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند هەبێت بەڵام دیمەشق ئێستاش هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی سەرتاسەری سووریە دەدات و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێستا گۆڕانی زۆر ڕوویان داوە و ڕووداوی زۆر لە 10 ساڵی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە.