لاوێکی خەڵکی حەسەناوای سنە بەتەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم گیانی لەدەستدا.
بە پێی هەواڵی گەتیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان،
سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لاوێکی خەڵکی شارۆچکەی حەسەناوای سنە بە ناوی ئەفشین ساڵحی لە کاتێکدا خەریکی کردنەوەی دووکانەکەی دەبێ دەکەوێتە بەر دەسڕێژی بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بە ناوی فەرشاد سادقی، خەڵکی شاری بیجاڕ و گیانی لە دەستدەدا.
بە پێی ئەم هەواڵە ئەم بەکرێگیراوەی ڕێژیم و کەسێکی دیکە بە ناوی ئیبراهیم چەند ساڵێکە بەتەمای داگیرکردنی ماڵێک بوون کە ئەفشین ساڵحی خاوەنی بووە بەڵام لە ئاکامدا و بە پێی بڕیاری دادگای سنە، ماڵەکە بۆ ئەفشین یەکلایی دەبێتەوە کە بەکرێگیراوەکەی ڕێژیم بە تۆڵەی ئەوەیکە نەیتوانیوە ماڵەکەی ئەفشین داگیر بکا بە دەمانچە تەقە لە سەری دەکا و دەیکوژێ و پاشان تەقە لەسەری خۆیشی دەکا و خۆی بریندار دەکا بەڵام دەگوتەرێ کە بەکرێگیراوەکە نەمردووە و لە نەخۆشخانەی سنەیە.