وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ: ئێران بووەتە حەشارەگەی گەورە تێرۆریستەکانی جیهان.
مایک پۆمپئێۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە ئێران حەشارگەی گەورەترین تێرۆریستەکانی جیهانە وتی: لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠٠ ئەندامی گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستاندان بەڵام بەرپرسانی باڵای ئەلقاعیدە لە ئێران ولە شاری تاران خۆیان حەشارداوە.
پۆمپئێۆ، سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر درێژەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار بەدژی ئێران وتی: ئەگەر گەمارۆکان لە سەر ئێران لابچێ، هیچ مەیلێک بۆ وتووێژ لەهەمبەر بەرنامەی مووشەکیی ئێران و ڕاوەستانی ئەو ڕێژیمە لە پشتیوانیکردنی تێرۆریزم لە جیهاندا نامێنێ.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژە بە پشتیوانیکردنی سەربازیی وماڵی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن وتی: لابردنی ئەو گرووپە لە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانی جیهاندا لە لایەن دەوڵەتی “جۆبایدێن”ەوە هەڵەیەکی ڕوونە کە تەنیا دڵی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی پێخۆش بوو.