لەسەردانێکی زەریف، بۆ عە مان، میلیشیا حووسییەکانی یەمەن سپاسی پشتیوانیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە حووسییەکانی یەمەن کرد.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەروەی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە مەسقەت پێتەختی عەمان، لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ محەممەد عەبدولسەلام، بەرپرسێکی باڵای میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی یەمەن، داوای کۆتاییهێنانی شەڕی یەمەنی لە عەبدولسەلام کرد و وتی: ڕێگای سیاسیی و وتووێژ تەنیا ڕێگایە بۆ چارەسەری کێشەکانی یەمەن و لە لایەکی دیکەوە محەممەد عەبدولسەلام سپاسی ئێرانی لەهەمبەر پشتیوانییەکانی ئەو ڕێژیمە لە گرووپی حووسییەکانی یەمەن کرد.
زەریف لە کاتێکدا دەڵێ: وتووێژ تەنیا رێگای چارەسەری کێشەکانی یەمەنە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەو فایلە دەنگییەی کە بڵاوبووەتەوە زۆر بە ئاشکرا دەڵێ: لەژێر گوشارەکانی قاسم سولەیمانیدا، دیپلۆماسیم کردە فیدای شەڕ.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش و لەهەمبەر یارمەتییەکانی رێژیمی ئێران بە میلیشیا حووسییەکان ڕوستەم قاسمی، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای قودس و وەزیری پێشووی نەوتی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی هەواڵی ڕاشا توودەی ڕووسیە وتبووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەناردنی چەکوچۆڵ و ڕاهێنانی سەربازیی یارمەتیی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن دەکا.