بەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتگەلێک لە هەمبەر ڕێکەوتنێک بۆ هەڵپەساردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ئێران لە ویەن، نوێنەرانی مەجلیسی ئێران ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.
محەممەد ڕەزا پوور ئیبراهیمی، بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “مێهر” سەرەڕای وتنی ئەوەیکە هەڵپەساردنی گەمارۆکان لە سەر ئێران لە درێژماوەدا گوشارە ئابوورییەکان زیاتردەکا وتی: ئەگەر ئێران، هەڵپەساردنی گەمارۆکان بە جێگای نەمانی گەمارۆکان قەبووڵ بکا بنەمای ئابووریی ئێران لە درێژماوەدا زەرەرمەند دەبێ.
پوورئیبراهیمی لەم وتووێژەدا هەڵپەساردنی گەمارۆکانی ئەمریکا بە دژی ئێرانی وەکوو کارتێکی گوشاری ئەمریکا بەدژی ئێران لە داهاتوودا ناوبرد و وتی: کاتێک باسی هەڵپەساردنی گەمارۆکان بێتە ئاراوە بڕیاردان لە سەر ئابووری ئێران لە نێو دەچێ.
ناوبراو بە ئاماژە بە وەی کە مەبەستی سەرەکی ئەمریکا لە وتووێژەکانی ویەندا ئاڵوگۆر لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ناوکییە و هەڵپەساردنی گەمارۆکان پێش لە گەشەی ئابووریی ئێران دەگرێ وتی: ئەو کاتەی کە نەتوانین بەرنامەی درێژماوە دابڕێژین دەبێتە هۆی ئەوی کە لە درێژماوەدا ئابووری ئێران ڕووبەرووی داڕمان ببێتەوە و هەربۆیە دەبێ هەموو گەمارۆکان لە سەر ئێران لابچێ.
پوورئێبراهیمی، هەڵپەساردنی کاتی گەمارۆکانی لە سەر ئێران بە چەککردنی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا ناو دەبا دەڵێ: ئەگەر هەر کات ئەمریکا پێی خۆشبێ دووبارە دەتوانی هەموو گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکان بەدژی ئێران کارا بکاتەوە کە ئەم کارەی ئەمریکا زۆر مەترسیدارە بۆ ئێران.