چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد بەناوی “ئەرەستوو مەلاڕەحیمی” کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لەو شارە دەسبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، “چاونیوز”، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی (ڕەسووڵ)، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارەوە، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سزای ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بەدژی حکوومەت” سزای ٧ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە ٣١ مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.
جێی ئاماژەیە کە ئەو چالاکە مەدەنییە، تانەی لە بڕیاری دادگای بەرایی داوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کراوە، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی دوای بانگ کرانی بۆ ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری مەهاباد، دەسبەسەر و پاش یەک حەوتوو دەسبەسەرکران بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.