پیتێر شتائێر، بە نوێنەرایەتی جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتی “ئوتریش”، وەڵامی نامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانی دایەوە.
لە درێژەی لەقاودان و گەیاندنی دەنگی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە هەڵکوتانی ئەم دواییانەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و دەسبەسەرکرانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی ئیدانەکردن و ئاگادارکردنەوەی کرداری ناڕەوای ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها ئاماژەدان بە بێدەنگیکردنی دەوڵەتی “ئوتریش” لە هەمبەر کەیسی تێرۆری دوکتور “عەبدولڕەحمان قاسملوو” و هاوڕێیانی، نامەیەکیان بە زمانی ئاڵمانی بۆ سەرکۆمار، سەرۆک وەزیران، بەرپرسانی فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمان و هەروەها بەشێکی زۆر لە کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە نارد بوو.
لەو چوارچێوەیەدا “پیتێر شتائێر” بە نوێنەرایەتی “وێرنێر کۆگلێر”، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئۆتریش لە وڵامنامەیەکدا دەنووسێ: “لەسەر هەلومەرجی کوردەکانی ئێران، “وێرنێر کۆگلێر”، جێگری سەرۆکوەزیران، لەمەڕ نامەکەی ناوەندی هاوکاری، پڕ بەدڵ سپاسی ئێوە دەکات کە ئێمەتان لە هەلومەرجی نالەباری کوردەکان لە ئێران ئاگادار کردووەتەوە.
تیروری هەیئەتی وتووێژکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری “وییەن”، وەک بیرەوەرییەکی تاڵ هەر لە مێشکی جێگری سەرۆکوەزیراندایە و باسکردنی هەلومەرجی خراپی ئێستای ئێرانی لە لایەن ئێوەوە دەریدەخا کە ئەو ڕێژیمە چەند کاراکتەرێکی غەیرە ئینسانی و خەراپی هەیە.
لە هەر هەلومەرجێکدا کە ئێمە بۆمان بڕەخسێ، جا چ لە مەیدانی نێونەتەوەییدا بێت و چ لە پێوەندی دوو لایەنەدا، ئێمە بە توندی داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکەین کە مافی مروڤ بە تەواوی ڕەچاو بکات و ڕێزی بۆ دابنێ، لە هەمان کاتیشدا لەوە غافڵ نابین کە گوشاریان بخەینە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی کوردکان بە ژن و پیاوەوە.”