مستەفا تاجزادە، چالاکی سیاسی سەر بە باڵی ڕێفۆمخوازی ڕێژیم لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لە سیاسەتی ئێراندا وتی: هاتووم سپا بگەڕێنمەوە بۆ شوێنەکەی خۆی و ئەگەر سپا نەگەڕێتەوە بۆ پادگانەکان، ئێران وێران دەبێ.
مستەفا تاجزادە، شەوی سێشەممە ٧ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی” کلاب هاووس” لەژێر ناوی “بۆچی بەربژێر بووم” و لەبارەی ئەوە کە چۆن دەیهەوێ لەو سیستمەی کە هەزاران بەندکراوی سیاسیی لە سێدارە داوە و پویا بەختیارییەکان دەدەنە بەر دەسڕێژی گولـلە و فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکراینی دەخەنەخوارەوە ئاڵوگۆڕ پێکبهێنێ وتی: “هەمووی ئەو ڕووداوانە مەحکوومن و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین بەرگرییان لێ بکەین، زۆر جینایەت ڕوویداوە کە نابێ هیچ جۆرە پاساوێکی بۆ بهێنینەوە و ناچارین بۆ ئاشتی لەگەڵ خەڵکدا ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە و دەبێ بیر لە داهاتوو بکەینەوە خۆمان لە ڕابردوودا بەند نەکەین و ئەمەش بەو مانایە نییە ئەوە ڕووداوانە پشتگوێ بخەین.”
تاجزادە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: “ناڵێم ویلایەتی فەقێ دەبێ وەلا بنێین، بەڵام دەبێ لە یاسایی بنەڕەتیدا نەمێنێ و خامنەیی مافی ئەوەی نییە کە شۆرای چاوەدێری تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان پێکبهێنێ.”
ناوبراو لە دڕێژەدا وتی: دەستێوەردانەکانی خامنەیی بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەکان هیچ پێوەندییەکی بە یاسای بنەڕەتییەوە نییە، ئەو دەسەڵاتە بەربڵاوەی خامنەیی کارەساتە و دەبێ پێشی پێ بگیردرێ.