چوار ڕێكخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ له نامه‌یه‌كی سه‌رئاواڵادا داوایان له فرانسوا ئهولاند كردوه كه له دیدار‌و چاوپێکەوتن لەگەڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانیدا له‌باره‌ی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ له ئێران قسەی لەگەڵ بکا.
فێدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی كۆمه‌ڵانی مافی مرۆڤ، كۆمه‌ڵگه‌ی مافی مرۆڤ له فه‌رانسه، كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رگریی له مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران و كانوونی به‌رگریی مافه‌كانی مرۆڤ له نامه‌یه‌كی سهرهئاواڵادا بۆ سه‌ركۆماری فه‌رانسه، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان به سرنجنهدان به بارودۆخی جیددیی مافی مرۆڤ له ئێران تاوانبار كردوە.
له سه‌ره‌تای ئه‌م نامه‌یه‌دا هاتووه، قسه‌و باسێكی زۆر له‌باره‌ی بازرگانی‌و پێوه‌ندیی دۆستانه لەگەڵ ئێران كراوە، به‌ڵام هیچ ده‌وڵه‌تێك تا ئێستا له گوتاری ڕه‌سمیی خۆیدا له‌گه‌ڵ ئێران ئاماژه‌ی به مافی مرۆڤ له‌م وڵاته نه‌كردوه.
نووسه‌رانی ئه‌م نامه‌یه داوایان له‌م وڵاتانه‌ی وه‌ك فه‌رانسه كردوه كه پێوه‌ندی به ئێرانه‌وه ده‌گرن، ئه‌م هه‌له بقۆزنه‌وه باس له قه‌یرانی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران بكه‌ن.
ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ له‌م نامه‌یه‌دا وه‌بیریان هێناوه‌ته‌وه كه ئێران له بواری ئازادیی ڕاگه‌یاندن كه له لایه‌ن ڕێكخراوی ڕاپۆرتنێرانی بێ‌سنوور بلاوكراوه‌ته‌وه له نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهاندا له پله‌ی ١٧٣ دایه.
نووسه‌رانی نامه‌ی سه‌رئاواڵه له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن كه له ئێران سه‌ركوت، سانسۆڕ‌و كه‌ڵكوه‌رگرتن له قانوونی ناڕوون بۆ به‌ندكردنی ناڕازییانی سیاسی‌و به‌رگریكارانی مافی مرۆڤ زۆر ئاساییه.
به‌قسه‌ی ئه‌وان نزیك به ١٠٠٠ به‌ندكراوی عه‌قیده‌تی له زیندانه‌كانی ئێران خزێندراون بۆ نموونه به‌رگریكارانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامه‌نووسان، چالاكانی سه‌ربه‌خۆی سه‌ندیكایی، چالاكانی مافی ژنان‌و چالاكانی سیاسی، كه هه‌موویان به هۆی كه‌ڵكوه‌رگرتن ڕێگای ئاشتیخوازی بۆ ئازادیی ڕاده‌ربڕین، ئازادیی كۆبوونه‌وه یان پێكهێنانی ڕێكخراوه زیندانی كراون.