محەممەد بن سەلمان دەڵێ: کێشەی سەرەکیی ئێمە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێرانە لە ناوچەکە و ئێران پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمە.
شازادە محەممەد بن سەلمان، جێنشینی پاشای عەرەبستان، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە سەرەڕای وتنی ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی دراوسێ ئێمەیە و پێمان خۆشە بە ئاشتی و تەبایی درێژە بەپێوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران بدەین وتی: کێشەی سەرەکیی ئێمە لە گەڵ ئێران، دەستێوەردان وپشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە لە تێرۆریزمە کە هیوادارم ئەو کێشانەی نەمێنێ و وڵاتانی ناوچەکە بتوانن لەگەڵ ئێراندا درێژە بە پێوەندییەکانیان بدەن.
محەممەد بن سەلمان لە دڕێژەدا دەڵێ: هێرشی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکان بۆ سەردەوڵەتی یاسایی یەمەن مەحکووم دەکەین و ئیزن بە هەبوونی میلیشیا تێرۆریستە حووسییەکانی سەر بە ئێران لە سنوورەکانی عەرەبستان نادەین.
ناوبراو لەهەمبەر پێوەندییەکانی عەرەبستان و ئەمریکا وتی: سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێمە بەپێی بەرژەوەندییەکانی عەرەبستانە و ئەمریکا بۆ ئێمە هاوپەیمانێکی ئستراتێژیکە.