سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە کاناڵی فەرمی خۆی بەناوی “کاناڵی سپای پاسداران” لە تویتێر، هێرشێکی چڕی بۆ سەر محەممەدجەواد زەریف دەسپێکردووە لەسەر بڵاو بوونەوەی فایلی دەنگییەکەی.
ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاناڵی سپای پاسداران ڕایگەیاند : ئێمە لە کاناڵی فەرمی خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین کە، محەممەدجەواد زەریف هیچ جێگە و پێگەیەکی لە نێو کۆماری ئیسلامیدا نەماوە و پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمیش کۆتا پۆستی ناوبراو دەبێ.
کاناڵی سپای پاسداران دەڵێ: زەریف بێڕێزی بە هەموو پیرۆزی و خوێنی شەهیدانی کۆماری ئیسلامی کردووە و ئەو قسانەی کە ناوبراو کردووەیەتی لەبەرژەوەندی دوژمندایە و بەدژی سەروەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بووە و ئێمە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین کەسانی وەکوو زەریف بێڕێزی بە بەرژەوەندی و بەهاکانی سپای پاسداران و خوێنی هەزاران پاسدار بکا.
جێی ئاماژەیە کە زەریف لە چەند ڕۆژی رابردوودا، فایلێکی دەنگیی تۆمارکراوی بلاو کراوەتەوە کە لەو فایلە دەنگییەدا کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە ناوخۆ و ناوچەکەدا ئەنجامی داوە ئاشکرای کردووە و باسی فڕۆکەکەی ئۆکڕاینیشی کرد کە سپای پاسداران بە مووشەک ڕاستەوخۆ کردوویەتییە ئامانج و بوو بە هۆی گیان لەدەستدانی ١٧٦کەس و هەروەها لە هەمو سیاسەتەکانی نێوخۆ و دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قاسم سلێمانی و خامنەیی بە بەرپرسیاری سەرەکیی دەزانێ و دەڵێ دیپلۆماسیی ئێمەیان تێکداوە.