لە درێژەی گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی، دایک و باوکی بەتەمەنی ڕامین حوسێن پەناهی بەندکراوی سیاسی کە لە سێدارە درا، مافی چوونەدەرەوە لە ئێرانیان لێ زەوت کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، میرزا حوسێن پەناهی (خاڵۆ میرزا) و شەریفە زەڕینی (دایە شەریفە) باوک و دایکی بەساڵاچووی ڕامین حوسێن پەناهی، بۆ وەرگەرتنی پاسپۆرتەکانیان سەردانی ئیدارەی پاسپۆرتی شاری سنەیان کردوە و پێیان ڕاگەیەندراوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ناتوانن بۆ سەفەر لە وڵاتی ئێران بچنە دەرەوە.
ئەم کارە بە بڕیاری دادگا نەکراوە و بە بڕیاری ڕاستەوخۆی وەزارەتی ئیتلاعات ئەم مافە لە باوک و دایکی ڕامین زەوت کراوە.
ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی دووی پووشپەڕی ٩٦ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕێوە چووبوو، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە دادوەریی سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری ڕێژیم بە سزای سێدارە حووکم درا و ئەو بەندکراوە سیاسییە دواجار ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ٩٧ی هەتاوی، لەگەڵ دوو بەندکراوی سیاسی دیکەی کورد بە ناوەکانی لوقمان مورادی و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێداره دران.