وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەرژەوەندیی عێراق لە سەقامگیریی ناوچەکەدایە.
فوواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتی ئێران وعێراق لە سەقامگیریی و ئاسایشی ناوچەکەدایە.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە پێشوازی لە دەور ونەخشی کاریگەری عێراق بۆ سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکەین پشتیوانیی لە عێراق دەکەین.
جێگای ئاماژەیە کە ڕێژیمی ئێران ئاخرین هەنگاوەکانی پێش لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە ئێران بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی دەورووبەر هەڵهێناوەتەوە و سەردانی وڵاتانی دەورووبەر دەکا.
هەروەها زەریف لە سەردانەکەیدا ڕۆژی سێشەممە ٧ی بانەمەڕ، دەچێتە هەولێر و لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دێموکراتی کوردستان و نێچیروان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان کۆ دەبێتەوە و درەنگانی شەویش دەگەڕێتەوە ئێران.
ئامانج لەو چاوپێکەوتنە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستانە و هەروەتر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و زیاترکردنی هاوکاری ئابووری و بازرگانی بە تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان و دژایەتی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام دەور و نەقشی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕیی بووە لە وڵاتانی ناوچەکەدا.