لەدرێژەی دانیشتن و وتووێژە ناوکییەکانی ویەن، ئەمریکا دەڵێ: کە ئێمە بە هیچ جۆرێک ئیزن نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای وتنی ئەوەی کە ئەمریکا ئیزن نادا ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی وتی: دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکیی ناوکیی، لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانمان وهەروەها چین وڕووسیە نییە.
نێد پرایس، هەروەها ڕایگەیاند کە ڕابێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی سێشەممە بۆ دەسپێکردنەوەی قۆناغی سێهەمی وتووێژە ناوکییەکان لە ویەن، ئامادە دەبێ و ڕاسپاردەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکا.
هەروەها ناوبراو وتی: ئێمە چاوەڕوانین بزانین ئاکامی وتووێژەکان بە کوێ دەگا ئەو کات هەڵوێستی کۆتایی خۆمان دەگرین.












