عەباس عێراقچی دەڵێ: ئەمریکا بۆ دەسپێکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی دەبێ گەمارۆکان لەسەر ١٥٠٠ کەس لە بەرپرسانی ئێرانی هەڵوەشێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلۆمبێرگ، ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەماڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەرپرسی تیمی وتووێژی ناوکیی لە ویەن بە ئاماژە بەوەی کە ڕێگا چارەی هەنگاو بە هەنگاوی گەمارۆکان و گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ناوکییمان وەلا ناوە وتی: دەبێ ئەمریکا گەمارۆکان لە سەر ڕێکخراوەکان و ١٥٠٠کەس لە بەرپرسانی ئێرانیی هەڵوەشێنێتەوە و تا ئەو کاتەی ئەم گەمارۆگەلە لانەچێ ئێران پێبەند نابێ بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی.
عێراقچی هەروەها وتی: ئەو گەمارۆگەلەی کە ئەمریکا بە سەر ئێرانیدا سەپاندووە دوو جۆرە یەکەم گەمارۆی سەر ڕێکخراو و کۆمپانیاکانی ئێران وەکوو گەمارۆی کۆمپانیای نەوت، بانکیی، بیمە و پێترۆشیمی و بەرهەمهێنانی ماشین، جۆری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر کەسایەتییە سیاسیی و حقوقییەکانە کە لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە بەرپرسانی ئێرانی بەرچاون و هەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوەی ئێران و پێبەندبوون بە بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی لاچوونی ئەو گەمارۆگەلەیە.