لە ئاکامی تێکهەڵچوونی ئەندامانی سپا لە نێو پادگانی “سەمەد بوستانی”ی شاری شنۆ، فەرماندەی گوردانی ٣١٠ی سپای پاسداران کوژرا.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، پێش نێوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان ئەندامێکی بەسیجی پادگانی “سەمەد بوستانی” لەگەڵ بەرپرسی گوردانی خۆی، سەرهەنگ “وەحید زەرئەفشان” فەرماندە گوردانی ٣١٠ی سپای پاسدارانی شاری شنۆ کوژرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە کاتژمێر ١٠ی پێش نێوەڕۆ ڕۆژی دووشەممە، لە نێوان بەسیجی “حەسەن مەعسووم نژاد” خەڵکی شاری نەغەدە و فەرماندەکەی خۆی دەمەقاڵە دروست دەبێ، بەسیجییەکە دەچێتە ژوورەکەی خۆی و بە چەکی کەڵاشینکۆف دەگەڕێتەوە ژووری سەرهەنگ و بە پێنج فیشەک هەر لەوێ دەیکوژێ و دوای کوشتنی فەرماندەی گوردانی ٣١٠ی سپا، ”حەسەن مەعسووم نژاد” لە حەوشی پادگان کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێ.