پورە نەجیب ئەمینی، هاوژینی نەمر مامەقالەی سووتوو و دایکی کاک حەسەن عەبدوڵاهی، ناسراو بە حەسەنی مامە قالە، لەتەمەنی ٨٥ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە شاری کۆیە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، پورە نەجیب هاوژینی نەمر مامە قالەی سووتوو و دایکی کاک حەسەن عەبدوڵاهی، کادری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە یەکێک لە نەخوشخانەکانی شاری کۆیە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
نەمر مامەقالەی سووتوو، کەسایەتییەکی شۆڕشگێر و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک بووە، ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی دەبێ بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و بە هۆی چالاکییەکانییەو لە ساڵەکانی ٣٨، ٤٤ و ٤٧ سێ جار لەلایەن هیزەکانی ڕێژیمی شاوە دەسبەسەر دەکرێ و لە سەریەک ٧ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی شادا دەبێ و ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، وەکوو فەرماندەی لک لە هێزی بانە دیاری دەکرێ و دواتر دەبێ بە ئەندامی کومیتە شارستانی بانە، ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لەگەڵ هاوژینی بەوەفای پورە نەجیب ئەمینی، دێنە نێو بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە باشووری کوردستان و تا دوا هەناسەیان لە پێناو ڕیگا و ڕێبازی پڕسەروەریی دێموکراتدا خەبات و تێکۆشان دەکەن.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەربڕێنی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی پورە” نەجیب” سەرەخۆشی لە کاک حەسەنی مامەقالە و بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خزم و کەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.