هێزە چەکدارەکانی سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی مەریوان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و ٥کۆڵبەریان بریندار کردووە و ٣٠ کەسیشیان چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠هەتاوی، هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنوورەکانی شاری مەریوان، هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمەڵێک کۆڵبەر و بە تەقەی ڕاستەخۆ ٥کۆڵبەریان بریندار کردووە و ٣٠کەسی دیکەشیان کە بەهۆی تەقەی تێرۆریستان هەڵبڕاون تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر جارەنووسیان بەردەست نییە.
چەکدارەکانی سپای پاسداران کە لە خاڵی سنووری “قوڵقوڵە”ی سەربە شاری مەریوان، بۆسەیان بۆ کۆمەڵێک کۆڵبەری ئەو سنوورە دانابوو و تەقەیان لێکردوون و لە ئاکامدا ٥کۆڵبەر بە ناوەکانی، “کاروان مەنووچێهری، ئارام مەنووچێهری، سەلاح وەتەندووست و زانیار حاتەمپەناه”، کە هەموویان خەڵکی گوندی “میراوا”ـی سەربە مەریوانن، لە بەرزایی شاخەکاندا بەربوونەتەوە و بەسەختیی برینداربوون.
هەروەها لە ئاکامی بۆسەی هێزە تێرۆریستییەکانی خامنەیی ٢کۆڵبەریان لەوێ دەسبەسەر کردووە و ٣٠کۆڵبەری دیکە هەڵبراون و تا ئێستا هێچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو ٣٠کۆڵبەرە نییە.